ی 16 اردیبهشت 1403 ساعت 17:58

بوومەلەرزە…./جەهانگیر مەحمود وەیسی

بوومەلەرزە…./جەهانگیر مەحمود وەیسی

پایگاه خبری تحلیلی سلام پاوه:یەکەم شت کە دەبینرا کاتژمێرەکە بوو،بێ چرکە کاتێکی پیشان ئەداین.خۆر وێل ببوو و بە دەوری سەرا ئەسورایەوە.هەموو شتێک خەونێکی لێڵ بوو.خاک و خۆڵو و دارو بەرد و سۆفاڵەکان،تەنانەت قەت باوەڕم نەئەکرد ئاوێنەکان شکابوون و هەرکامە لە شوێنێک بێ چرکە ووێنە بوون.ئەدی ڕۆژین لە بەر دەلاقە نەبوو ،دەلاقە و خوێن تێکەڵ ببوون.کوێستان دەسەکانی […]

پایگاه خبری تحلیلی سلام پاوه:یەکەم شت کە دەبینرا کاتژمێرەکە بوو،بێ چرکە کاتێکی پیشان ئەداین.خۆر وێل ببوو و بە دەوری سەرا ئەسورایەوە.هەموو شتێک خەونێکی لێڵ بوو.خاک و خۆڵو و دارو بەرد و سۆفاڵەکان،تەنانەت قەت باوەڕم نەئەکرد ئاوێنەکان شکابوون و هەرکامە لە شوێنێک بێ چرکە ووێنە بوون.ئەدی ڕۆژین لە بەر دەلاقە نەبوو ،دەلاقە و خوێن تێکەڵ ببوون.کوێستان دەسەکانی شکابوو و لاشەی تەپوتۆزی لێ نیشتبوو،دەرگاکان نە ئەکرانەوە وە نە ئەبەستران، دەلاقەکانیش فرمێسکیان دەرژاند.پەردەکان ببوونه پەڕۆ کۆنەو،گوڵەکانی بەر داوێنیان وەریبوون،گەفەی سەگ نەدەبیسرا،پشیلەکان لە ترسا ون ببوون.

 

ماڵەکان دەهاتن و دەچون ،لوتیان ئەدا بە لوتی یەکدا،ئەیان وت،مەرحەبا دۆستی دێرین،مەرحەبا کاول کاری،لەو کاتەدا چاوم لێ بوو،دوو ماڵ وەک بزێسکێکی ئاگر بۆ تاوێک باوەشیان بە یەکدا کرد،لەو باوەشە دەنگی قیژە و قاڵ و هاواری منداڵان ئەوپەڕی سنووری بەزەیی دابەزاند و لە نێو تەپوو تۆزی ئەم سەدەدا ون بوو.هەر لەم شوێنەدا ئاسۆم بینی ،لێوی گرسابوو و هەناسەی تۆزقاڵێک دەر دەهات و دەنگیشی وزوزێکی لێ ئەهات.لەو گێژەڵە و تەپوتۆزەدا تەنیا چاوم ئەو وێنانەی بەرەو دەمارەکانمی ئەبرد ولەشمی دائەرزاند.هەموو شوێنێک شەو و تاریکی بوو،ئاسن چەمیبووە ودار شکابوو،دیوارەکان ڕووخابوون هەموو شتێک ئاشکرا بوو،مەزەنەی وەڵاتی خاپوور هاتە بەر چاو،دەنگی ڕوخان هێشتا لە گویچکەکان دەزرینگێتەوە و ترس و دڵەراوکێ بۆ ئێمە دەڕۆێنێ.

 

وەنەوش تەنیا پێڵاوەکانی ،سۆران کورتەکەی، ڕۆژین قوولەکەکەی شکاندبوو،مامۆ ئۆغڵی سەوەتەیک پرتەقاڵ ،رێبوار سێوێک.هەر هەموویان به پەلە لە گەڵ نامێڵکەیک ئەو شتانەیان ناردبوو.لەو نامێڵکەدا ئەم هەوری گریانەیان نوسیبوو.هۆ دڵە ئاگرینەکەی سەرپێڵ،ئەزگڵە،.قەسرو….هۆ چەمەریەکانی وەڵاتی کاولم ،وا ئێمەیش دایک و باوک و منداڵەکانمان لە نێو وردە لاپەرەکانی مێژو دڵیان لە لێدان کەوتووە.ئێمەیش وەک تۆ لە یەک سنووری هەژار کراودا ئەژین،هەر ئەوەندەمان بوو،ئێمە و ئێوە وەک ئەوانیترش لە یەک تاڵانخانوودا ئەژین.ئێمەیش ئەترسین ئەم ئەژدەها بە دەمی ئاگرین و چنگی خۆێنینی ،دێت و دەمالەرزێنێ و ماڵە لاوازەکانمان دەرووخێنێ،بۆیە ئەزانین وباشیچ ئەزانین ئەمەیش،چیرۆکی ئێمەیە.لێمان ببورن هەر ئەوەندەمان بوو،هەر ئەوەندە هەور و گریانمان بوو،هەر ئەوەندە خاک و ئاسمان و خۆرمان بوو.دەستەکانمان وەک منداڵانی ساوا چکۆلەیە ،کە توانیمان شەو لادەین لە خەوی قورسی ئەم سەردەمە رزگار بووین ئەو کاتە چەمکێک پێکەنین، چەمکێک فەلسەفەی جوان،لە گەل کۆترەکانی ژیانمان بۆتان دەنێرین.

 

راس بوو حەقێقەت ئاشکرا بووئەم جارە تۆفان وهەرەس ولافاو نەبوو،تاڵانی یەک سەدەی ڕابردوو هەتا ئێستا بوو.ئاسۆ ئەزانی ئەمە کاری خوا بوو،کەریم وازم لێ بێنە،گاڵتە بە من و خەڵک مەکە،هەموو کەسێک ئەزانێ،لە یابان به ۸پلەی بوومە لەرزە ماڵێک ناڕۆخێ.تۆیش باش ئەزانی،باوکم چۆن ماڵەکەی دروست کردووە،چل ساڵی تەواوو بە هەموومانەووە خەریکی کار و بار بووین،هەتا توانیمان ئەم بەرد و دارانه دروست بکەین،ئەزانی کاتێک تەواو بوو،خۆمان وەک قارەمان ئەزانێ،ئاخر ماڵدار بوون بۆئێمەی هەژار لەم وەڵاتە کارێکی گرنگە،هەمو خزم و کەس و کار تەنانەت هاوسێکانمان یاریان ئەداین،هەتا تەواومان کرد.بەو هەژاریە وامان زانی ماڵمان پێک هێناوە،ماڵی چی،گۆرستانمان دروست کردووە.دایک وفریایچی کوشت.

 

ئەزانی چەن پشت شکاوە چەنێ هاواری ئەوێ؟ ئەزانی چەنێک دڵ ڕفیوە؟ نازانم،نازانم،باشە شۆڕش تۆ لە کویی؟لە کامە قەراخی،کامە سوچ،ئەدی شوێن ماوە خۆتی لێ حەشار بدەی؟ئەم ماڵە ڕووخاوە،خۆتت شاردوەتەوە؟باوکە،دایە گیان نا من بڕوا ناکەم ،شۆڕش لە هەموو کەسێک چالاکترە،ئەو قەت نامرێ،نا ئەزانم ئەو بریندارە ،ئەزانم ئەو خۆڵانە ناتوانی بیخنکێنێ،دایە،بابە گیان ئەو چرایە لە کۆیە؟دەی زوکە دایگرسێنە،پەلە کەن ،بڕوام هەیە ،ئەو نەمردووە،باوکە ئەزانی شۆڕش هەمگێ چیرۆکی بۆمانی گەڕاندوتەوە،جارێک بە یەکەوە بوین،ڕوی کردە من و وتی:لە گەرماگەرمی تەقە بوین ،جڕووگیاندار وەک مێلورە بوون،وەک مشک بوون،بەڵام مێلورەو و مشکی ئەفسووناوی بوون،هەموو شوێنێک پر لە گورگ بوو،نە وەک ئەم گورگانەی کوێستانەکەی خۆمان،دەم و چاویان هەر وەک ئێمە بوو،هەموویان تینوو بوون،تینووی خۆینی مرۆڤ،مرۆڤی ئازا،مرۆڤی جوان،مرۆفی دەم بە پێکەنین و ژیان پەرەست،

 

خۆ بوون ،مرۆڤ بوون، تاوان بوو،مشک و مێلورەکان بۆنیان تێژ بوو،هەرکەس وا بوایا،خەبەرەکەی بڵاو ئەبوەوە و ئەگەیشتە لای ئەو ئاژەڵە کوشندانە،ئەوانیش پەلاماریان ئەدان،بڕێ لەو مرۆڤانە بەرنگاریان ئەبونەوە،بەڵام دەسەڵات نەبوو،سەردمێک شەڕو لێدان لە هەردوو لاوە بەردەوام بوو،بەڵام ئەوە، ئەوەنەدەی نەخایاند،درێژەی ئەو شەڕە زۆر کوشندە بوو.بریار درا بۆ کوژانەوە ئەو شەڕە مرۆڤەکان چەک کرێن و وەڵات جێ بهێڵن،کاروان،کاروان،لە هەموو دونیادا وێڵ و سەرگردان بووین.ئەدی چەکەمان نەبوو،خۆمان حەشار دابوو،ماڵکانمان خێمە و چادر بوو،ژنەکانمان لە نێو ئەو خێمانەدا ئەزان،منداڵەکانمان لەوێ چاویان بەم دونیایدا کەوتووە،ئەترسام،زۆریش ئەترسام،هەر خێمە بەردەوام بێت،بۆیە ماندوو بووین،لە باوکم داوام کرد هەر چەندە بووە بە قوریش بووە ماڵێک پێک بهێنێت.

 

باوکە،باوکە،قوڕو بەرد شۆڕشی کوشتووە؟نا،نا،ئەو بریندارە،ئەوەتە ،ئەترسم،دیارە هەناسەی شۆڕش وێستاوە.هەی هاوار شۆڕش هەڵسە،هەڵسە سەر پێ چیرۆکم ئەوێ،هەڵەسە هەموو شتێکم،باوکم،دایکم،کوڕەکەم،کچەکەم،هەڵسە من لە مردنی چیرۆک ئەترسم،هەڵسە شۆڕش گیان ئەزانم تۆ نامری،ئەزانم تۆ چیرۆکەکەی ئسپارتاکوسی دڵی منی،هەڵسە چاوە بریندارەکانت ماچ ئەکەم،پشتی شکاوت مۆمی پیا ئەدەم،تۆ خۆشەویستی ئەم دونیایەی،هەڵسە بە لەمە زیاتر نەمرم. مەیت کێشەکان بەردەوام بە دوای مەیتەکەی شوڕش ئەگەڕان و دەسیان نەکەوت.باوکم هیلاک بوو تەنیا ئەیقێڕاند شۆڕش،شۆڕش….