پ 06 اردیبهشت 1403 ساعت 17:20

حەمەی مەلا کەریم و پەخشانی کوردی../سەعدی حاجی

حەمەی مەلا کەریم و پەخشانی کوردی../سەعدی حاجی

پایگاه خبری تحلیلی سلام پاوه:هەورامان کوڕی شاخە و/سیاچەمانە کچی باخە و/لەم دوانەیەش نەوەی شیعر و پەخشان کەوتنەوە و/لە دارگوێزێکێ نوورانیش مەلا عەبدۆلکەریمی مۆدەڕڕێس کەوتەوە و/ لەویش کۆمەڵێ درەختی رووناکبیر / کە یەکێکیان حەمەی مەلا کەریمی هەرمێ گوڵاوی بوو. “شێرکۆ بێکەس”[۱] دوای نێزیکەی پەنجاساڵ بەردەوامی لە نووسین و لێکدانەوە و ڕەخنە و کۆکردنەوەی میراتی ئەدەبی کوردی، […]

پایگاه خبری تحلیلی سلام پاوه:هەورامان کوڕی شاخە و/سیاچەمانە کچی باخە و/لەم دوانەیەش نەوەی شیعر و پەخشان کەوتنەوە و/لە دارگوێزێکێ نوورانیش مەلا عەبدۆلکەریمی مۆدەڕڕێس کەوتەوە و/ لەویش کۆمەڵێ درەختی رووناکبیر / کە یەکێکیان حەمەی مەلا کەریمی هەرمێ گوڵاوی بوو. “شێرکۆ بێکەس”[۱]

دوای نێزیکەی پەنجاساڵ بەردەوامی لە نووسین و لێکدانەوە و ڕەخنە و کۆکردنەوەی میراتی ئەدەبی کوردی، سەرەنجام ڕۆژی یەکشەمە(٢٢/١٢/١٣٩۵) کاک حەمەی مەلا کەریم، نووسەر و لێکۆڵەری گەورەی کورد و کوڕی زانای ناودار، مەلا عەبدۆلکەریمی مۆدەڕڕێس، کۆچی دوایی کرد و بە ماڵئاوایی لە جیهانی ئەدەبی کوردی، دڵی هەزاران کوردی ئەوینداری ئەدەبی خەمبار و ماتەمین کرد.

من بۆ خۆم هیچ بنەماڵەیەک ناناسم ئەوەندەی بنەماڵەی نەمر مەلا عەبدۆلکەریمی مۆدەڕڕێس خزمەتی زمان و ئەدەبی کلاسیکی کوردی کردبێت. وەک مامۆستا هێمن لە پێشەکی دیوانی نالی – کۆکردنەوە و لێکدانەوەی مامۆستا مۆدەڕڕێس و کۆڕەکانی کە لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی “صلاح­الدین ایوبی” لە ورمێ بڵاوی کردوەتەوە – ئیشارەی پێداوە و هەستی هەموو کوردێکی ئەهلی قەڵەمیش هەر وایە؛ “هەر کوردێکی پاک، چاک، دیندار، دڵسۆز و ئەدەب دۆست ئەگەر بە دڵ و بە گیان خۆی بە منەتبار و قەرزداری مامۆستای هێژا و زانای کورد مەلا عەبدۆلکەریمی مۆدەڕڕێس نەزانێ ناهەقی دەکا.

چوونکە مامۆستا و کوڕە کارامە و لێزانەکانی بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە بە هیچ بارێک لە خزمەتی کوردی چارەڕەشی دوورەبەشی هەژار درێخیان نەکرردوە”[۲]. بۆیە لەباتی دووپاتەوەکردنی ژیاننامەو سەرگۆرشتە و ڕیزکردنی بەرهەمەکانی کاکە حەمەی مەلا کەریم، بە بۆنەی خامۆشی یەکجارەکی مۆمی تەمەنی ئەو نەمرە، بە یادداشتێکی کورت لە سەر کاریگەری و ڕۆڵی وی لە سەر ئەدەبی کوردی، یادی ئەو بەڕێزە بەرز ڕادەگرم و هیوادارم ڕۆحی ماندوونەناسانەی ئەو نەمرە و پەرۆشیەکەی بۆ وێژەی کوردی ببێتە سەرمەشقی نوەی نوێ.

ئەگەر هەندێ دەقی ئایینی یارسان و بڕێک مەتنی وەکوو مەلوود نامەکەی شێخ حسێنی قازی و… لە بەر چاو نەگرین،دەبێ سەرەتاکانی دەسپێکردنی جیددی پەخشانی کوردی بگەڕێنینەوە بۆ دوا ساڵەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم کە رۆژنامەی “کوردستان”ی بەدرخانیەکان لە قاهیرە و ژنێڤ و لەندەن لە ۱۸۹۸-۱۹۰۲، دەردەچوو. هەر وەها دەبێ پێشەکیەکەی ئەمین فەیزی بەگ بۆ کتێبی” ئەنجۆمەنی ئەدیبانی کورد” کە هەر لەو ساڵانە نووسیویەتی و لە ساڵی ۱۹۲۰، لە ئەستەموڵ بڵاوی کردوەتەوە، وەکوو سەرەتای پەخشانی کوردی سۆرانی دیاری بکەین.

بۆ ئەوەی بزانین پەخشانی ئەو سەردەمە چۆن بوە، نموونەیەک لە دەقی پێشەکیەکەی ئەمین فەیزی دێنینەوە.ئودەبا و شوعەرای کورد زورن، لاکین ئاثاریان بە تەواوی جەمع و تەئلیف نەکراوە.من نییەتم کرد کە بەعضێ لە ئەشعاری کوردی بابان طەبع و نەشر بکەم تا بزانرێ موڵکی بابان چەند مەنبەعی فەیض و ذەکایە.”[۳]ئەوەی خوارەوەش،نموونەی پەخشانی بەدرخانیەکانە لە ڕۆژنامەی کوردستان و بە دیالێکتی کرمانجی.

” لووما مەولانا جلال الدین ڕۆمی کتێبا خوە دە گوتیە: بد گهر را علم و فن آموختن/ دادن تیغ است دست راهزن، یەعنی تەعلیما مرۆوی بەد ئەخلاق وەک دانا شیرەکییە دەست دزەکی، چوونکە عیلم و هۆنەر و قووەت و ئێقتدارە هەگەر مرۆوی بەد ئەخلاق بە وی عیلم هونەری سووء ئیستعمال دکە.”[۴]

بە هێنانەوەی نموونەیەکێش لە پێرەمێردی نەمر، باسەکە درێژە پێ دەدەم و دواتر پەیوەندی ئەو نموونانە بە باسەکە دەخەمە ڕوو؛ پیرەمێرد بە بۆنەی چاپی دیوانی نالی، دەقێکی لە سەر شیعری نالی لە ڕۆژنامەی ژیان نووسیوە، ئەوەی خوارەوە بەشێکی کورتە لەو نووسینە.” مۆحتەمەلە نەظەر بە ذێهنییەتی حاضرە، ئەشعاری نالی تینوویەتی حیسسییات نەشکێنێ، وە کەذا مۆحتەمەلە نەظەر بە تەلەققی عەصری حاضر لە شیعرەکانیدا، حیسسییاتی ورد و بەرزی کەمتر تیا بێت و کەمتر هەیەجانێکی بەدیعی ببەخشێت و …”.[۵]

ئەگەر ڕەوا بێت پەخشان­نووسانی تا ئێستای کوردی هاوچەرخ، بە سەر سێ بەرەی بە نیسبەت جیاواز پۆلێن بەندی بکەین و ئەو سێ دەقە و هەندێ مەتنی ڕۆژنامەوانی تا ساڵانی ۱۹۵۰، بە ئاسانگیری و بێ ڕەچاوکردنی وردبوونەوەیەکی ئەوتۆ، وەکوو نموونەی پەخشانی بەرەی ئەوەڵ، حەساو بکرێت، دەبێ دەقی پەخشانی کەسانی وەک گۆران و هێمن و هەژار و حەمەی مەلا کەریم و … پەخشانی دەستەی دوەم لە قەڵەم بدرێت. دەستەی سێیەمیش ئەوانەن وا لە ئەمڕۆی کوردوستان خەریکی نووسینی دەقی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و ڕخنەیین و لەبەر ئەوەی ئەو یادداشتەی ئەوڕۆمان پەیوەندی بەوانەوە نیە، ناچینه نێو باسیانەوە.

دیارە ژمارەی دەستەی دوەم زۆرن و ناتوانین لەم یادداشتە کۆتایەدا، نموونەی هەموویان بێنینەوە. بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین بەستێنی بەراوردەکەمان ڕوون بکەینەوە، لەو کەسانەی ناومان بردوون چەند مەتنێک وەک نموونە دەخەینە بەرچاوی خوێنەرانەوە؛ سەرەتا لە مامۆستا گۆرانەوە دەست پێبکەین. مامۆستا گۆران کە دوای فەوتی پیرەمێردی نەمر، بۆ ماوەیەک، رۆژنامەی ژینەکەی ئەوی بەڕێوە ئەبرد، لە ساڵی (۱۹۵۰)کۆمەڵە شیعری بەهەشت و یادگار بڵاو ئەکاتەوە و پێشەکیەکێشی بە پەخشان بۆ دەنووسێ و لە سەرەتاکەیەوە ئەڵێ: ” بەهەشت و یادگار کۆمەڵە شیعرێکە لە دیوانەکەم سەرانسەر لە گەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداری خەریکە.

هەڵبەستی وای تیایە بیست­و­پێنج ساڵ، بەڵکو زیاتر، لەمەوپێش دانراوە، هەروەکوو هی چەند مانگ لەمەوبەریشی تیایە.بەشی زۆری کۆنەکان بە وەزنی عەرووض وە کوردیەکی کۆنی تێکەڵاو بە زمانی بێگانە نووسراون. ئوسلووبیشیان کۆنە:یان وەک هی سالم و نالی لە سەر پێ و شوێنی غەزەل هەڵبەستراون، یان ئەو جۆرە ئوسلووبەیان کراوە بە سەرمەشق کە مامۆستا(م. نووری) و هاوڕێکانی لە ئەدیبە تازەکانی تورکی عوسمانی­یان وەرگرت و … “[۶]

مامۆستا هێمنیش کە خاوەن و داهێنەری یەکێ لە جوانترین پەخشانەکانی کوردیە لە دوایین دێڕەکانی ” لە کوێ­وە بۆ کوێ(پێشەکی تاریک و ڕوونەکەی) ئاوا دەنووسێ: ” لە بەر شکانی نووکی خامە نیە کە لە گێڕانەوەی حیکایەتی دڵی خۆم واز دێنم. نا من وەک هەموو ئینسانێکی کورد، بەتایبەت کوردێکی ئێرانی، هێشتا لە دنیایەکی پڕ لە ئەسراردا دەژیم و ناکرێ ڕازەکانی دەروونم هەڵڕێژم.”[۷]

ئەگەر بمەوێ وەک نموونە دەقێک لە نووسینەکانی مامۆستا هەژار بێنمەوە، پێشەکیەکەی بۆ هەنبانە بۆرینە، نموونەیەکی شیاو و گونجاوە؛” گەلی خاوەن تاریخ و زمان پارێزراو،ئەگەر تووشی تووشیش ببێ و نەخۆشیش کەوێ و بکەوێ، بە هیچ ئاوا مەرگ تخوونی ناکەوێ و بە هیچ تینێک ناتوێتەوە و لە هەل و دەرفەتێ دیسان سەر لەجێ هەڵدێنێتەوە و ژنو بە خۆدا دێتەوە.”[۸]

لەبەر ئەوەی ئەم یادداشتە بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک حەمەی مەلا کەریمەوەیە و بە پێی پۆلێن­بەندیەکەمان ئەو بەڕێزە لە بەرەی دوەمی پەخشان­نووسانی کوردی هاوچەرخە، دوو نموونە دەقی پەخشانی ئەو نووسەرەش دێنینەوە و دەچینەوە سەر باسە سەرەکیەکەمان. حەمەی مەلا کەریم لە پێشەکی دیوانەکەی مەحوی کە خۆی و مەرحوومی بابی لێکۆڵینەوەیان بۆ کردوە و لێکیان داوەتەوە دەڵێ: ” لە ڕووی هونەرییەوە بە پێویستی دەزانم بڵێم بە پێچەوانەی ئەوەوە کە مامۆستا عەلائەدین سەججادێ دەیڵێ، مەحوی شاعیرێک نەبوە زۆر لە خۆی بکا بۆ شیعر وتن. شیعری کوردی مەحوی هیچ نیشانەیەکی ئەوەی پێوە نیە کەوا پەکی لە سەر کەرەستە و دار و پەردووی شیعر کەوتبێ یا کون و کەلەبەری شیعری بە وشەی لە سەر زمان قورس و لە سەر گوێ گران پڕکردبێتەوە. تەنانەت لە بەحرە عەرووزیە گرانەکانیشدا کە تەکنیک و داڕشتنیان هەروا بو ئاسانی نایەت بەدەستەوە، شیعری مەحوی ڕەسایی و ڕەوانیەکەی خۆی هەرگیز ون ناکا.”[۹]

حەمەی مەلا کەریم لە وتارێک لە ژێر ناوی” پاشاگەردانی لە نووسینی کوردی” ئەڵی:”وردە وردە ئەم وەچەی تازەی بێ بناغەیە بوو بە شۆڕە سواری مەیدانی کوردی نووسین. بەڵام چۆن جۆرە کوردی نووسینێک؟کوردی نووسینێک کە هەرکەس پشتی تێیدا بە خۆی و بە بەهرەی خۆی قایمە.هەرگیز گوێ نادا بە تێکەڵاو بوون لە گەڵ خەڵک و فێربوونی زمانی خەڵک و کۆکردنەوەی وشەی خێڵەکان و لادێکان و بەڵکوو هەر پێی ناکرێ.”[۱۰]

بەراوردێکی خێرای دەقی پەخشانی ئەو دوو دەستەیە بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە پەخشانی دەستەی ئەوەڵ بێجگە ئەوەی سیخناخە لە وشەی عەرەبی و فارسی و بەڕێنووسی کوردی نەنووسراوە، لە زمانی ئاسایی خەڵکی کوردی ئەوسەردەمەش دوورە و وەکوو زمانە شیعریەکەی هەندێ شاعیری کلاسیکە کە لە سەر تان­ و پۆی کێشی زمانی عەرەبی و هەر بۆ چینێکی خوێندەواری تایبەت شیعریان نووسیوە.(دیارە مەبەستمان ڕەخنەگرتن لە کاری ئەو نووسەرە بەڕێزانە نیە. ئەوان بە پێی هەل و مەرجی سەردەمی خۆیان جووڵاونەتەوە و ئەرکی خۆیانیان بە جێ هێناوە). بەڵام وەک دەبینن جۆری نووسینی دەستەی دوەم؛ واتە نووسینەکانی گۆران و هێمن و هەژار و حەمەی مەلا کەریم زۆر لە نووسینی ئەمڕۆی زمانی کوردیەوە نێزیکە و دەتوانین بڵێین زمانی ئەو نووسەرانە زمانێکی ئەمڕۆیی و سەردەمیانەیە.

سەرچاوەکەییم لە بیر چوەتەوە، بەڵام وابزانم “محمد علی فروغی”یە کە دەڵێ “دروست نیە بڵێین شێوەی قسەکردن و نووسینی سەعدی وەک ئەوڕۆی ئێمەمانانە، ڕاست و ڕەوایە بێژین فارسیەکەی ئەمڕۆ و جۆری قسەکردنی ئەمڕۆی ئێمە هەر هەمان شێوە قسەکردن و نووسینی سەعدیە؛ واتا ئەو فارسیەی ئەوڕۆی ئێمە هەمانە لە سەعدیەوە فێری بووینە.” بۆیە منیش ئەڵێم ئەو کوردیەی ئەمڕۆ ئێمە فێری بووینە و پێی دەنووسین، تا ڕادەیەکی زۆر، هەر هەمان شێوە نووسینە کە بەرەی دوەمی پەخشان­نووسانی کورد دایان هێناوە و لەو ناوەش دا جێگە پەنجە و ڕۆڵی حەمەی مەلا کەریم، زۆر بەرچاو و کاریگەرە.

چەندین هۆی سەرەکی، توانا و کاریگەری حەمەی مەلاکەریم لە سەر پانتای پەخشانی کوردی و هەمەگیر کردنی شێوەی نووسینی پەخشانی بەرەی دوەم لە نێو خەڵک، بەرجەستە دەکاتەوە کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین.حەمەی مەلاکەریم بە هۆی ئەوە کە لە بنەماڵەیەکی ئەهلی عیلم و ئەدەب ژیاوە و زۆرێک لە ئاسەواری ئەدەبی کۆن و تازەی کوردی لە کتێبخانەکەی بابی لە بەر دەستی بوونە، ئاشنایەتیەکی قووڵی بوە لە گەڵ میراتی ئەدەبی کوردی و بۆیەش شێوە و ستایلی نووسینی خۆماڵیە و کاریگەری زمانی بێگانەی بە سەرەوە دیار نیە.

لە ژێر کاریگەری مۆدیلی ڕۆشنبیری زاڵی سەردەمی سۆڤیەت و هاوڕێیەتیی لە گەڵ بیری چەپ، زۆرتر بەهای داوە بە شێوەی ئاخافتنی خەڵکی ئاسایی و لە مۆدێلی نووسینی دەرەبەگیانەی تێکەڵ بە ئەدەبی عەرەبی و فارسی دوور کەوتوەتەوە و وەک چۆن مامۆستا گۆران لە بەستێنی شیعری کوردی ڕووی کردەوە سەرچاوە کوردیەکان، ئەویش وێڕای گۆران و زۆرێک لە نووسەرانی پەخشان­نووسی بەرەی دوەم، شێوە نووسینەکەیان ئاڵ و گۆڕی بە سەردا هات و زۆرتر نێزیک بوەوە بە ڕۆحی زمانی کوردیەوە.

حەمەی مەلاکەریم لە زۆر ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردیەکان کاری کردوە، وتاری نووسیوە و دەقی ڕەخنەیی و ئەدەبی پێشکەش کردوە؛ لە ژین، برایەتی، التأخی، شەفەق، بیری نوێ، ئازادی، هیوا و الاتحاد وەکوو نووسەر کاری کردوە و لە زۆر ڕۆژنامە و گۆڤاری دیکەش کە خۆی ئەندام و بەڕێوەبەر نەبوە، بابەتی بڵاو کردوەتەوە. دیاره کاتێک نووسراو و بابەتی کەسێک ڕۆژانە و مانگانە بکەوێتە بەردەستی خوێنەرانەوە، کایگەری پتری دەبێ لە نووسینی کەسێک کە به درێژایی ساڵان جارێک یان چەندجارێک کتێبێک بڵاو دەکاتەوە.

حەمەی مەلاکەریم ئەندامی کۆڕی زانیاری کورد و ئەندامی کارامەی ئەکادێمیای کورد بوە و هەر لە بەر ئەوەش بێجگە لەوەی بەرهەمەکانی خاوەن بەها و نرخی زانستی بوون، ­توانیویانە متمانەی خوێنەران بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و ئەمەش کاریگەریەکانی خامەی ئەو بەڕێزەی زیاتر کردوە.دیوانی شاعیرانی گەورەی کلاسیک، لەو کتێبانەن زۆرینەی خەڵک خوێنەرینی؛ وەک دەزانن کاکە حەمەی مەلا کەریم وێڕای بابی ڕەحمەتیی و کاک فاتێحی برای، چەندین دیوانی شاعیرانیان ساغ کردوەتەوە و لێکدانەوەیان بۆ کردوون و پێشەکی زانایانەیان بۆ نووسیون. بۆ نموونە دیوانی مەولەوی و نالی و مەحوی و بێخود و … . نموونەی پەخشانی حەمەی مەلاکەریم لەگەڵ ئەو دیوانانەش کەوتوەتە بەردەم خوێنەری کوردەوە و ئەوەش یەک لەو هۆیانەیە کاریگەری شێوەنووسینی ئەوی بەربڵاوتر کردوە.

حەمەی مەلاکەریم و نووسەرانی ئەوبەرەیە، ئەوەڵین کەسانێ بوون دەستیان داوەتە نووسینی ڕەخنەی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی نوێ و ئەوەش هۆیەکی تری سەرنج­ڕاکێشی بەرهەمەکانیانە.دیارە زۆرێک لەو خاڵانەی ئاماژەم پێداون، بە تەنیا تایبەتی پەخشان و نووسینەکانی حەمەی مەلاکەریم نین و بڕێکیان تایبەتمەندی گشتین بۆ دەقی هەندێ نووسەری تریش. ئەو خاڵانە، وەک وتم تەنیا هەندێ هۆی کاریگەری و هەمەگیری شێوازی نووسینی کاکە حەمە و بەرەی دوەمی پەخشان­نووسانی کوردن. ئەگەر دەرفەت بێت و زەمان ماوەمان بداتێ، دواتر لە سەر ستایل و شێوازی تایبەتی پەخشانی حەمەی مەلا کەریم وردتر و بە دیققەتتر قسە دەکەم و ئەو یادداشتەی ئێستەم کە بەتەنیا وەکوو یادێک بۆ تێکۆشانی ئەدەبی و بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو بەڕێزە ئامادە کراوە کۆتایی پێ دێنم.

نوکتەیەکی­تری پێویستی جێی ئاماژە ئەوەیە کە چەندین کەسی­تر بوون کە لە ڕیزی نووسەرانی بەرەی ئەوەڵ بوون و هەروەها بە دەیان کەسی­تریش هەن کە لە گرووپی پەخشان­نووسانی بەرەی دوەم دێنە ئەژمار و من لەبەر مەجالی کەمی یادداشتێکێ بۆنە و مۆناسەبەت ناوم لێوە نەبردوون. هەروەها ڕەنگە پۆلێن­بەندیەکەم لە نووسەرانی پەخشانی کوردی لە باری مێژووییەوە جێی ڕەخنە بێت، بەڵام کۆللیەتی بابەتەکە ڕاستە و دەتوانم دواتر بە وردی لە سەری بدوێم

۱-شێرکۆ بێکەس، گۆڤاری رۆڤار، ژمارەی ۶۷، کانوونی دوەمی ۲۰۱۲، ل ۲۵

۲-هێمن، پێشەکی دیوانی نالی، مرکز نشر فرهنگ و ادبیات کردی(انتشارات صلاح الدین ایوبی)، چاپ سوم، ۱۳۶۸، ل ۱

۳- ئەمین فەیضی بەگ، ئەنجومەنی ئەدیبانی کورد، مەطبەعەی تەرجومانی حەقیقەت، ئەستەمووڵ ربیع الأول ۱۳۳۹، ل ۱٫ چاپی دوەم کاکەی فەلاح۱۹۸۲،بەغدا، ل۲۵٫

۴- علاالدین سجادی، مێژووی پەخشانی کوردی تا ئەگاتە ساڵەکانی۱۹۸۰، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، ۲۰۰۰، ل ۴۹٫

۵- پیرەمێردی نەمر، ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە ۲۹۳ئەیلوولی ۱۹۳۱٫ وەرگیراو لە پاشەکی دیوانی نالی، ل ۷۲۰٫

۶-گۆران،(۱۹۵۰)، پێشەکی بەهەشت و یادگار، انتشارات گوران، سنندج، سال ۱۳۶۹، چاپ سوم، ل ۳٫

۷-هێمن، تاریک و ڕوون، (۱۹۷۴)، چاپەمەنی سەیدیانی مەهاباد، ۱۳۵۲٫ ل ۴۴٫

۸- هەژار، هەنبانە بۆرینە، انتشارات سروش، تهران، ۱۳۶۹، ل بیست.

۹- محەمەدی مەلا کەریم، پێشەکی دیوانی مەحوی، لە ڕووی چاپی کۆڕی زانیاری کورد(۱۹۸۴)، سنندج، انتشارات کوردستان، ۱۳۸۱هەتاوی، ل سی.

۱۰-علاالدین سجادی، مێژووی پەخشانی کوردی تا ئەگاتە ساڵەکانی۱۹۸۰، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، ۲۰۰۰، ل ۲۹۰