ج 31 فروردین 1403 ساعت 21:33

بەراوردێک لە نێوان یاسای بنەڕەتی سویس و ئێران سەبارەت به مافە زمانییەکان/ قارەمان کەریمی

بەراوردێک لە نێوان یاسای بنەڕەتی سویس و ئێران سەبارەت به مافە زمانییەکان/ قارەمان کەریمی

پایگاه خبری تحلیلی سلام پاوه : بەراوردێک لە نێوان یاسای بنەڕەتی سویس (قانون اساسی سویس) و یاسای بنەڕەتی ئێران (قانون اساسی ایران) سەبارەت به مافە زمانییەکان (حقوق زبانی) وەکو خۆم بڕوام وایە کە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی زمانی دایکییە بەڵام لە ڕۆژژمێردا ٢١ی فێڤرییە (٢ی ڕەشەمە) وەکو ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی دیاری کراوە و ئەم ڕۆژەش […]

پایگاه خبری تحلیلی سلام پاوه : بەراوردێک لە نێوان یاسای بنەڕەتی سویس (قانون اساسی سویس) و یاسای بنەڕەتی ئێران (قانون اساسی ایران) سەبارەت به مافە زمانییەکان (حقوق زبانی)

وەکو خۆم بڕوام وایە کە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی زمانی دایکییە بەڵام لە ڕۆژژمێردا ٢١ی فێڤرییە (٢ی ڕەشەمە) وەکو ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی دیاری کراوە و ئەم ڕۆژەش ئەکەمە بیانوویەک بۆ ئاوڕدانەوە لە مافە زمانییەکان لە یاسای بنەڕەتی ئێران و ئەم مافانە لەگەڵ مافە زمانییەکان لە یاسای بنەڕەتی سویس بەراورد بکەم.قهرمان کریمی

لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا تەنیا یەک شوێن و بنەما (اصل) بۆ باسی زمان و مافە زمانییەکان تەرخان کراوە؛ بنەمای ١۵ی یاسای بنەڕەتی ئێران ئەڵی: “زمان و ڕێنووسی فەرمی و هاوبەشی گەلی ئێران فارسییە. بەڵگە و نامەکان، دەقی فەرمی و کتێبی قوتابخانەکان بەم زمان و ڕێنووسە دەبێت بەڵام بەکارهێنانی زمانە ناوچەیی و قەومییەکان لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی گشتی و خوێندنی وێژەکەیان لە قوتابخانەکان لە پەنای زمانی فارسیدا ئازادە.”

هەر بەو جۆرە کە وتمان، بنەمای ١۵، تەنیا بنەمایەکە کە لە یاسای بنەڕەتی ئێران بۆ باسی مافە زمانییەکان تەرخان کراوە و شێوازی داڕشتنیشە بە جۆرێکە کە نە تەنیا هیچ ڕێز و گرنگییەکی بە زمانگەلێک وەکو زمانی کوردی نەداوە بەڵکوو بە تەواوی سووکایەتیشی بە زمانە نافارسییەکان کردووە.

بە کارهێنانی زاراوەی “زمانی ناوچەیی” و “زمانی قەومی” لە ڕاستیدا بێڕێزی کردنە بە زمانگەلێک کە بڕێکیان نزیک بە ٢۵ تا ۴٠ ملیۆن ئاخێوەریان هەیە و ئەم شێوازە قسەکردنە لە سەر زمانی نافارسییەکان بە جۆرێک بەکەمتردانانیانە لە هەمبەر زمانی فارسی.

بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوودا بڕێک کورد کە هیچێک لە یاسا و ماف (قانون و حقوق) نازانن هاتوون و وەکو شرۆڤەکار(مفسر)ی یاسا، جۆرە شرۆڤە و تەفسیرگەلێک لەم بنەمایە دەکەنەوە کە جێگای سەرسوڕمانە. بە کورتی و بە کوردی ئەتوانم بڵێم ئەم بنەمایە هیچ شتێکی بۆ پاڵپشتی کردن لە زمانە نافارسییەکان پێ نییە و هیچ ئەرکێکی بۆ پشتیوانی لە زمانە نافارسییەکان نەخستۆتە ئەستۆی دەوڵەت.

ئەم بنەمایە ئەڵێ “بەکارهێنانی زمانە ناوچەیی و قەومییەکان لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی گشتی و خوێندنی وێژەکەیان لە قوتابخانەکان لە پەنای زمانی فارسیدا ئازادە.” ئەم بنەمایە بە هیچ شێوەیێک باسی ئەرکی دەوڵەت لە پاڵپشتی کردنی زمانە نافارسییەکان ناکات و تەنیا خەڵکی ئازاد هێشتووە کە ئەگەر دڵیان پێوە بوو زمانەکەیان بەکار بێنن لە حاڵێکدا ئەگەر خەڵک لە ڕێگای قوتابخانە و زانکۆکاندا فێری زمانی خۆی نەبێت ئەوا ئیدی چۆن ئەتوانێت بەکاری بێنێت. کاتێک زمانی تۆ بە کاری ئەوە نەیەت کە لە قوتابخانە و ئیدارە دەوڵەتییەکاندا بەکاری ببەیت ئیدی بە چ هیوایەتییەکەوە فێری ببیت.

لەم ڕووە لەو کەسانەی کە بە بێ تێگەیشتن لە ناوەرۆکی دروستی ئەم بنەمایە، خەریکی تەفسیر و شرۆڤەن و پێشنیاری بێمانا ئەخەنە بەردەمی حکومەت، داوا دەکەم یەک جار بە ڕێکوپێکی ئەم بنەمایە بخوێننەوە و لەگەڵ یاسای بنەڕەتی سویس بەراوردی بکەن و ئەو دەم تەقالا بدەن لە ڕێگای نوێنەرانی کوردەوە، فشار بخەنە سەر دەوڵەت بۆ گۆڕانکاری لە یاسای بنەڕەتی تا بە گۆڕانی ئەم بنەمایە، دەوڵەت ناچار ببێت ئەو پشتیوانی و پاڵپشتییانەی کە لە زمانی فارسی دەکات لە زمانی نافارسییەکان و بە تایبەت زمانی کوردیش بیکات؛ لە سەدەی بیستویەکەمدا هیچ مانایەکی نییە کە کابرای کورد، تورک و هتد ماڵیات و باج بە دەوڵەت بدات و کار بۆ دەوڵەت بکات و گیانی خۆی بۆ پاراستنی وڵات ببەخشێت بەڵام دەوڵەت لە ڕێگای ئەو باج و ماڵیاتەوە، منداڵەکانیان بکات بە فارس. دەوڵەت دەبێت لە باج و ماڵیاتی خەڵک بۆ خزمەتکردن بە زمانی خەڵک کەڵک وەربگرێت نەک ئەوەی کە لە ڕێگای ئەو باج و ماڵیات و گیانبەختکردنانەوە هەوڵی سڕینەوەی زماە نافارسییەکان بدات.

ئێستا بۆ ئەوەی کە خوێنەر باشتر لەوەی تێبگات کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەوڵەت بە چە شێوەیێک لە زمانەکانی وڵات پشتیوانی دەکات و دەیانپارێزێت و چەند ڕێز و ئیحترام بۆ زمانەکانی دیکە دادەنێت، یاسای بنەڕەتی سویس وەکو نمونە ئەهێنینەوە.

بڕگەی ۴ی یاسای بنەڕەتی سویس سەبارەت بە ژمارەی زمانە نەتەوەییەکان ئەڵێت: “ئاڵمانی، فەرانسی، ئیتالیایی و ڕۆمانیایی، زمانە نەتەوەییەکانی ئەم وڵاتەن.”

لە وڵاتی سویسدا ئێمە چوار زمانی نەتەوەییمان هەیە لە حاڵێکدا لە ئێراندا که ژمارەی زمانەکان زۆرزۆرترە تەنیا زمانی فارسی وەکو “زمانی نەتەوەیی” ئەژمار کراوە و باقی زمانەکان زۆر بە بێحورمەتی و بێڕێزی وەکو “زمانی ناوچەیی” و “زمانی قەومی” ناویان ئەهێنرێت.

لە بڕگەی ١٨ی یاسای بنەڕەتی سویس کە باسی ئازادی کەڵک وەرگرتن لە هەر زمانێک دەکات دەڵێ: “ئازادی بەکارهێنانی هەر زمانێک دەستەبەر کراوە (آزادی استفاده از هر زبانی تضمین شده است).”

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ئێراندا بە بیانووی “پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی” (حفظ امنیت ملی) ئازادی بەکارهێنانی زمانەکان سنوردار (محدود) کراوە.

یاسای بنەڕەتی سویس زۆر بە پەرۆش و وردەکارییەوە هەوڵی داوە مافە زمانییەکان دەستنیشان بکات (تعیین کند) و لە بڕگەی ٣١دا دەڵێت:
“١- …….
٢- هەمو ئەوانەی لە ئازادییەکەیان بێبەش کرابن مافی ئەوەیان هەیە بە هەر زمانێک کە لێی تێدەگەن بە بێ هیچ درەنگکردنێک لە سەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و مافەکانیان ئاگادار کرێنەوە. …. .”

هەروەها لە بڕگەی ۶٩ و سەبارەت بە مافە فەرهەنگییەکان، یاسای بنەڕەتی سویس دەڵێت: ” ………

٣- بە مەبەستی باش ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی (انجام درست وظایف)، ئەوا کۆنفێدراسیۆن دەبێ جیاوازای فەرهەنگی و زمانی وڵات لەبەرچاو بگرێت.”

لێرەشدا یاسادانەر(قانونگذار)ی سویسی وەسواسی زۆری خۆی بۆ پاراستنی جیاوازییە زمانییەکان دووپات کردووەتۆ لە حاڵێکد یاسادانەری ئێرانی بە هیچ شێوەیێک ئەم وەسواسەی نەبووە و زۆر بە لادەمێکەوە (بی اهمیت) باسی مافە زمانییەکانی کردووە..

لە یاسای بنەڕەتی سویسدا، گرنگترین بڕگە سەبارەت بە مافە زمانییەکان،بڕگەی ٧٠یە.

ئەم بڕگەیە دەڵێت: ” ١- زمانە فەرمییەکانی وڵات ئاڵمانی، فەرانسی و ئیتالیایین. زمانی ڕۆمانیاییش کاتێک لەگەڵ ئاخێوەرێکی ئەو زمانە پێوەندی دەگیردرێت، زمانی فەرمییە.

٢- کانتۆنەکان دەبێ (خۆیان) لە سەر زمانە فەرمییەکانی کانتۆنەکەیان، بڕیار بدەن. بە مەبەستی پاراستنی هاودەنگی لە نێوان کۆمەڵگا زمانییەکاندا، کانتۆنەکان دەبێ ڕێز لە سنوری جۆگرافیایی دێرینی زمانەکان بگرن و ڕەچاوی کەمینە زمانییە خۆجێییەکان بکەن.

٣- کۆنفێدراسیۆن و کانتۆنەکان دەبێ لێکتێگەیشتن و ئاڵوگۆڕی نێوان کۆمەڵگا زمانییەکان پەرە پێبدەن.

۴- کۆنفێدراسیۆن بە مەبەستی باش تێپەڕاندنی ئەرکەکانیان دەبێ پاڵپشتی کانتۆنگەلی چەندزمانی بکات.

۵- کۆنفێدراسیۆن بە مەبەستی پاراستن و گەشەپێدانی زمانەکانی ڕۆمانیایی و ئیتالیایی دەبێ پاڵپشتی کانتۆنەکانی گراوبوندن و تیچینۆ بدات.”

ئەو شتەی کە خوێنەر دەبێ بیزانێت ئەوەی کە وڵاتی سویس، وڵاتێکی کۆنفدراڵییە و ٢۶ کانتۆن پێکەوە لکاون و کۆنفدراسیۆنێکیان پێکهێناوە و هەر کام لەم کانتۆنانە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆن کە بەشێک لە دەسەڵاتەکانیان داوە بە کۆنفدرسیۆن. کۆنفدرایۆن دەبێ لە هەموو کارەکانیدا، پاراستنی جیاوازی زمانی و جوگرافیایی (جغرافیایی) وڵاتەکەیان و کانتۆنەکان لە بەرچاو بگرن و هە ربڕیار(تصمیم)ێک بگرن کە دژی مافی یەکێک لە زمانە فەرمییەکان (رسمی) وڵات بێت ئەوا کانتۆەکان دژایەتی دەکەن و ناهێڵن جێبەجێ بکرێت. (انجام بگیرد).

خاڵ(نکته)ێکی گرنگی دیکە کە لەم بڕگەیەدا ئاماژەی پێکراوە پێویستی (ضرورت) پاراستنی سنور(مرز)ە کۆنەکان و دێرینەکانی زمانەکانە لە حاڵێکدا لە ئێران بە هۆی بنەمای ١۵ و ناچاری بوونی (اجباری بودن) خوێندن و نووسین بە زمانی فارسی سنورە دێرینەکانی زمانەکان لە ناو چووە و بۆ نمونە ئەمڕۆ ئەگەر کەسێک بێتە ناو شاری کرماشان نازانێت کە ئەم شارە شارێکی کوردنشینە یا شارێکی فارسنشین کە ئەمەش لەناو بردنی سنورە جوگرافیاییە دێرینەکانی زمانە کە لە لای یاسادانەری ئێرانی هیچ گرنگییەکی نییە.

بۆ دەستەبەرکردنی (تضمین) کامڵی پاراستنی زمانەکان و دادپەروەری (عدالت) لە نێوان زمانەکاندا بڕگەی ١٧۵ی یاسای بنەڕەتی سویس دەڵێت: لە هەڵبژاردنی (انتخابات) جڤاتی فێدراڵی (شورای فدرال)، دەبێ سەرنج بدرێتەوە کە هەمەچەشنی (تنوع) جۆگرافیایی و ناوچەی زمانی وڵات بە باشی نوێنەرایەتی کراوە.”
مەبەست لە پەسەندکردنی (تصویب) ئەم بڕگەیە ئەوەیە کە ئاخێوەرانی بڕێک زمان بە بیانووی فرەتر بوونیان، نەتوانن لە جڤاتی فێدراڵی، یاسا و قانونێک پەسەند بکەن کە ببێتە هۆی زوڵم و نادادپەروەری لە هەمبەر زمانەکانی دیکە بەڵام لە ئێراندا بە هۆی لەبەرچاونەگرتنی جیاوازی زمانی و نەتەوەیی، تەنیا بە پێی ژمارەی خەڵک و دانیشتووان، ژمارەی نوێنەرانی پارلمان (نمایندگان مجلس) دیاری دەکەن و هەر لە بەر ئەمەش هیچ کاتێک ژمارەی نوێنەرانی کورد زمان یان تورک زمان ئەوەندە نییە کە بتوانن یاسایەک بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی لە زمانەکەیان پەسەند بکەن و تا وڵاتیش بەم شێوەیە بەڕێوەبچێت هیچ هیوایەتییەک بۆ پاراستنی زمانە نافارسییەکان لە لایەن حکومەتەوە دروست نابێت.

سەرچاوەکان:
وەرگێڕانی یاسای بنەرەتی ئێران بە زمانی کوردی؛ ئارام وەڵەدبەگی، ماڵپەڕ(سایت)ی مافنامە
http://mafname.com/index.php?newsid=6
وەرگێڕانی کوردی یاسای بنەڕەتی سویس؛ قارەمان کەریمی، ماڵپەڕی مافنامە
http://mafname.com/index.php?newsid=20

3 پاسخ برای “بەراوردێک لە نێوان یاسای بنەڕەتی سویس و ئێران سەبارەت به مافە زمانییەکان/ قارەمان کەریمی

  • ئاشنا حەسەن زادە در تاریخ اسفند 5, 1395 گفت:

    سڵاوو ڕێز بۆ نوسەری دێڕەکە کاک قارەمانی خۆشەویست. بەڕاستی باس و کێشەی زمانی دایکی زۆرگرنگە و جێگای خویەتی بەردوام شرۆڤە بکرێت. سپاس بۆ ئەو تێڕوانینە تازەیەی جەنابتان کە ڕوانگەێیکی نوێ و سرنجڕاکێشە.

  • محمدمومنی(هجیج) در تاریخ اسفند 4, 1395 گفت:

    خیلی جالب بود احسن بر شما

  • رحمانی شوان در تاریخ اسفند 4, 1395 گفت:

    درودتان باد جناب کریمی شما همیشه مسولانه و با درایت حقایق را بازگو می کنید و این خود نوید روزهای روشن می دهد در خصوص سویس تنهاباید گفت که بسیار زکاوت می خواهد که در خلال جنگهای جهانی و در بیطرف ماندن و در رکاب صلح ماندن امیدواریم مملکت ما هم قدم در راه ترقی انگونه که شایسته اش است بگذارد .. با امتنان فراوان از شما…