«پێکه‌وه ژیانی ئاشتیانه»له سه‌ر سفره و خوانی، پێغهمبهروو شاگردانی
پایگاه خبری تحلیلی سلام پاوه : «پێکه‌وه ژیانی ئاشتیانه»له سه‌ر سفره و خوانی، پێغهمبهروو شاگردانی سا خاوه‌ن ره‌حمه‌ت، ره‌حمه‌ت فه‌رماوه وه فریای خاپوور ئاوای دل یاوه په‌یکی ئاشنای ئاشکراو په‌نهان ئاشکرا په‌ی عام په‌نهان په‌ی خاسان بکیانه یانه‌ی ده‌روونی وێران وه فه‌ڕ قدوومش ئاوا بۆ دیسان ده‌س خاسانی راس گێرۆ هه‌زارێ باگیرۆ جارجار ده‌سکه‌فته لارێ […]
- ۲۵ دی ۱۳۹۳
- کد خبر 12513
- 3 دیدگاه
پایگاه خبری تحلیلی سلام پاوه : «پێکه‌وه ژیانی ئاشتیانه»له سه‌ر سفره و خوانی، پێغهمبهروو شاگردانی
سا خاوه‌ن ره‌حمه‌ت، ره‌حمه‌ت فه‌رماوه وه فریای خاپوور ئاوای دل یاوه
په‌یکی ئاشنای ئاشکراو په‌نهان ئاشکرا په‌ی عام په‌نهان په‌ی خاسان
بکیانه یانه‌ی ده‌روونی وێران وه فه‌ڕ قدوومش ئاوا بۆ دیسان
ده‌س خاسانی راس گێرۆ هه‌زارێ باگیرۆ جارجار ده‌سکه‌فته لارێ
یاخوا کڵه‌ی چه‌م گه‌ردی پاڵاش بۆ سه‌رم هه‌زار جار سه‌رگه‌ردی راش بۆ
بێ‌گومان ئه‌گه‌ر جیهانی ئیسلامی ئه‌مڕۆ به خێرایی. بێرینه به‌رچاومان ئه‌وه‌ی له کاناڵی ماهواره‌کان و شاشه‌ی ته‌له‌فیزیونه‌کان ده‌یبینین، یا له رووپه‌ڕی رۆژنامه‌کان و لاپه‌ڕه‌ی گۆڤاره‌کان ده‌یخوێنین یا وه‌کوو له شه‌پۆلی رادیۆکان وه به‌رگوێمان ده‌که‌وێ یا خود له سه‌ر په‌یجه و پێگه‌ی ئینترنت و کامپیوتره‌کان ده‌رئه‌که‌وێ به زۆری دڵ خوشکه‌ر نین.
زۆرترین وێنه‌و به‌رجه‌سته‌ترین هه‌واڵ باسی ته‌ق و توق، شه‌ڕوشۆڕ، هه‌را و هورا، کوشتن و بڕین، قات‌وقڕی و ئابڵۆقه‌ی ئابووری (ته‌حریمی ئیقتیسادی) وزیندانی‌کردن و له‌سێداره‌دان و چی و چیتره که هیچکامیان نه جێگای شانازین نه مایه ی سه‌رفرازین.
چ هه‌واڵی ئه‌بیسن و ئه‌وێنن و ئه‌خوێنن له عێراق و سووریا، له لوبنان و فلستینا، له وڵاتی ئه‌هرامه‌کان، له میسر و له لیبیا، له باسی به‌حره‌ین و یه‌مه‌نا، له سوودان و سوومالیا وه له کوێ و کوێ و کوێترا.
سیمای هه‌ره‌دیاری ئه‌م وڵاتانه‌ی ئێمه یه‌کتر قبووڵ نه‌کردنه، دان به ماف و حقووقی ئه‌ویترا نه‌نانه. ئاشتی، ئازادی، به‌رابه‌ری، دادپه‌روه‌ری، پێکه‌وه‌ژیان لێبوورده‌یی و خۆشه‌ویستی زۆر که‌مه‌و ده‌گمه‌نه.
جابێ و به سه‌ر پێیی به‌راوردێکی خێرای بکه له‌گه‌ڵ ئه‌ورووپا و ئه‌مریکا که به سه‌دان وڵاتن و به زبانی جیاواز‌و نه‌ته‌وه‌و گه‌لی جیاواز و ئایین و ئایین‌زای جیاواز، چون پێکه‌وه ده‌ژین؟
چه‌نێ هه‌واڵی شه‌ڕی تایفی و زوبانی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بی و چی و چیتر ده‌بیسین و ده‌خوێنین و ده‌وێنین؟
ته‌واشای هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌وان بکه‌ین! سه‌یری ده‌ساو ده‌س کردنی ده‌سه‌ڵات (انتقال قدرت) لای ئه‌وان بکه‌ین چه‌ن ئاسانه و ئاساییه؟
سه‌یر که‌ن چۆن بوون وه جێگه‌ی سه‌ر سووڕمانی ئێمه‌مانان؟ زۆرجار به عه‌زره‌ته‌وه بۆیان ده‌روانین خۆمان له ئاست ئه‌وان زۆر به که‌م ده‌زانین!
گه‌ڵی براینه له بیرتانه ئه‌و کاتانه‌ی باراک حوسه‌ین ئوبامای، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌فریقی ره‌ش پێستی باوک موسوڵمان که بوو وه یه‌که‌م سه‌رۆکی ره‌ش پێستی ئه‌مریکاو ئه‌مریکیه‌کان چه‌نێ چه‌پڵه‌مان بۆ ته‌قان وه چۆن ببو وه بنێشتی ده‌مه‌ژاوی هه‌موومان و ئافه‌رین و باره‌قه‌ڵامان ده‌کرد که خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته ره‌گه‌زپه‌رستیان وه‌لا ناوه‌و ئاواتمان ده‌خواست خوزیا که‌ی بێ ئه‌و رۆژه‌ی ئێمه‌یچ بگه‌ین به‌و ئاسته له پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و ته‌سامووح؟!
یا له ما‌وه‌ی رابردوودا هه‌واڵیکی له‌و جۆره‌مان دیت و بیست که کچه کوردێکی ۲۷ ساڵان خه‌ڵکی که‌لاری هه‌رێمی کوردستان به ناوی رێزدار خاتوو هانا جاف که راوێژکاری سه‌روک وه‌زیرانی مه‌کزیکه به سه‌ردان هاته‌وه کوردستان و میدیاکان بایه‌خێکی زۆریان پیدا و له‌م لاو له‌ولا ده‌بیسترا ئافه‌رین بۆ مه‌کزیکیه‌کان بۆ کرانه‌وه‌و پێکه‌وه ژیانیان که کچه کوردێکی ۲۷ ساڵان لای ئه‌وان ده‌گاته ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
یا خۆ هه‌مووتان ده‌زانن بۆ نموونه کوردانی دانیشتووی ئه‌ورووپاو ئه‌مریکا (وه‌ک هه‌موو که‌مه نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان = اقلیت‌های ملی) له مه‌دره‌سه‌و قوتابخانه‌کان حه‌وته‌یه‌ک چه‌ن ساعه‌ت وه‌زوانی شیرینی کوردی ده‌رس ده‌خوێنن.
به‌ڵی ئه‌مانه هه‌ر هه‌موویان، خالی موسبه‌ت و ئه‌رێنین. جێگه‌ی ئافه‌رین و باره‌قه‌ڵان، بۆیه بوونه جێگای سه‌رسووڕمانی ئێمه‌مانان! وه ئاواتی ده‌خوازین بو گه‌ڵ و وڵات و ئۆممه‌تی خۆمان!
به‌ڵام خۆ جێگه‌ی خۆیه‌تی بپرسین خوزیا ئێمه هه‌ر هه‌میشه واو، ئه‌وان وابون؟
کاتێ ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو ده‌رده‌که‌وێ نه‌خه‌یر، ئه‌گه‌ر ئه‌ورووپیه‌کان له قه‌ڕنی بیست و یه‌که‌مدا گه‌یشتوون به پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه خۆ ئێمه‌ی موسولمان پانزده سه‌ده پێش ئێستا نموونه‌ی هه‌ره‌جوانی پێکه‌وه‌ژیانمان پێشکه‌ش کردوه و له سه‌رده‌می ته‌ڵایی وزێڕینی ژیانی پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وامان، پێشه‌وای پێغه‌مبه‌ران(صل الله علیه وسلم)
ئه‌و دڵبه‌ره دڵڕفێنه‌ی نه خویندی و نه‌نووسی
به غه‌مزه‌ی چاوه‌کانی مامۆستای هێنایه سه‌ر کورسی
نگار من که به مکتب نرفت و خط ننوشت
به غمزه مسئله آموز صد مدرس شد
ئه‌وه‌ی خه‌وی توراند له چاوانی، تاکوو یاسای هه‌ره به‌رزی ئاسمانی، له باره‌گای پاکی یه‌زدانی، به مزگانی، بۆمان بێرێ به‌دیداری، چه‌پکه چه‌پکه رێز و سڵاو سه‌ڵاوات له گیانی پاکی خۆیوو هه‌ر هه‌موو یارانی.
گه‌لی براینه ئێمه وه‌کوو ئوممه‌تی ئیسلامه‌تی به گشتی و گه‌لی کوردی موسولمان به تایبه‌تی ئه‌بوایه زوور زووتر له ئێستا و زۆر پێشکه‌وتووتر له وڵاته پێشکه‌وته‌کان له بواری پێکه‌وه‌ژیاندا گه‌شه‌مان بکردایا.
ئوممه‌تێ بزانی له ئایین ئیسلامدا و له یه‌که‌م سه‌رچاوه‌که‌یدا قورئانی پیر‌وز،یه‌ک که‌س به ناو ناوی هاتبێ و نفرین و له‌عن کرا بێ ئه‌ویش ئه‌بووله‌هه‌ب مامی گه‌وره‌ی پێغه‌مبه‌ر بێ ،به‌ڵام له هه‌مان کاتدا بیلالی حه‌به‌شی ئه‌فریقی ره‌ش پێست ببێ وه وته‌بێژی (سخن‌گو) ئیسلام و پێغه‌مبه‌ر ورێز و قه‌درو شان و شکۆ په‌یدا بکا بۆ ئه‌بێ ره‌گه‌زپه‌رستی له ناویاندا سه‌ر هه‌ڵبدا. سه‌یری هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر که‌ین،بیلالی حه‌به‌شی له حه‌به‌شه‌وه، سه‌لمانی فارسی له ئێرانه‌وه، سوهه‌یبی روومی له روومه‌وه، ئه‌بووبه‌سیر و کاوانی کوردی له کوردستانه‌وه و کێ و کێی دیکه، ده‌بینین که خوای باڵاده‌ستی مه‌زن له سیپاره‌ی قورئانی پیرۆز به جوانترین وشه پێناسه و تاریفیان ده‌کا (السابقون الاولون) پێشه‌نگ و پێشمه‌رگه دێرینه‌کان، به‌م جۆره رێزیان له سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان ده‌گرێ و مژده و مزگێنی لێ خۆشبوونیان ده‌داتێ (رضی الله عنهم و رضوا عنه).
به‌ڵێ ئه‌بوایه ئوممه‌تی ئیسلامه‌تی هه‌ر زۆر زوو چاویکله‌ی (عینک) ره‌گه‌زپه‌رستی و ده‌مارگیری چینایه‌تی له به‌ر چاوی فڕێ دایه‌و چاوی به چاوانه‌ی ره‌سول‌الله و هاوه‌ڵانی روون کردایه.
سه‌روه‌ران و به‌رێزان ئه‌مه نموونه‌ی مه‌دره‌سه‌ی ۱۵ قه‌رن لێره‌وپێشی ره‌سول الله و یارانی بوو، جا مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌مه بوو؟
نا سه‌یری شاگردانی مه‌دره‌سه‌که‌ی پێغه‌مبه‌رکه‌ن. گه‌وره قاره‌مانی به‌ناوبانگی جیهانی ئیسلام به‌گشتی و کوردستانی خۆشه‌ویستمان به تایبه‌تی سوڵتان سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییووبی، شاگردی هه‌ره‌باشی مه‌دره‌سه‌که‌ی پێغه‌مبه‌ره. سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییووبی له گشت دونیا به زیره‌کی و لێهاتوویی ، شوجاعه‌ت و بوێری،به‌به‌زه‌یی و میره‌بانی وه له چڵه‌پۆپه‌ی ده‌ساڵاتداریدا به لێبوورده‌یی ناسراوه. سه‌رده‌می سه‌لاحه‌ددین به نموونه‌ی هه‌ره‌گه‌شی برایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی موسولمانان له ناو خۆداو له‌گه‌ڵ غه‌یری موسولمانانیش دێته ئه‌ژمار. سه‌لاحه‌ددین له کوردستان هاته دنیا‌و گه‌شه‌ی کرد‌و له وڵاتی ئه‌هرامه‌کان،وڵاتی هیواو ئاواته‌کان، قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر، نیشته سه‌ر ته‌خت و له‌وێوه بوو به سه‌رۆکی گشتی موسولمانان.
جیهانی ئیسلامی ئه‌و روژه- نزیکه‌ی نوسه‌د سال لێره و پێش- به هه‌موو جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و زبانی و چی‌و چیتر هه‌ر هه‌مووی له برایانی فارس و عه‌ره‌ب، کورد و تورک، لور و به‌ربه‌ر یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ریز پشتی سه‌لاحه‌ددینان گرت و په‌رپه‌رچی هێرشی خاچ په‌رستانیان دایه‌وه.
ئه‌وه‌ی جیگای بایه‌خه‌و زۆرگرنگه ئه‌مه‌یه له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کدا نه‌نووسراوه که‌سێ یالایه‌نێ یا چین و توێژ و نه‌ته‌وه‌یه له جیهانی ئیسلامی به‌ربه‌ڵاوی ئه‌و کاته دژی سه‌لاحه‌ددین راپه‌ڕێ و بێژێ: چۆن ئه‌بێ کابرایه‌کی کورد، هه‌ڵسێ و بێ له‌وڵاتی من، له میسر یا خود یه‌من، یا حیجاز و شام و کوێ و کوێی دیکه ببێ به سه‌رۆک. به‌ڵکو هه‌رهه‌موویان به دڵ و به‌گیان له خزمه‌تی سه‌لاحه‌ددیندا بۆ خزمه‌تی گه‌ل و وڵات و ئایینه‌که‌یان بوون!
به راستی ئه‌مه‌یه کایه‌ی رۆژگار و جێی سه‌ر سوورمان!
ده‌بێ له خۆمان و مێژوو بپرسین راستی بۆ ئێمه هه‌زار و چوراسه‌دو ئه‌وه‌نه ساڵ لێره‌و‌پێش و له سه‌رده‌می ره‌سول‌الله دا و که‌مێ که‌متر له هه‌زار سال لێره‌وپیش له‌سه‌رده‌می سه‌لاحه‌ددیندا توانیمان وێنه‌ی ئاوا له پێکه‌وه‌ژیان و دۆستایه‌تی و برایه‌تی و به‌رابه‌ری و دادپه‌روه‌ری پێشکه‌ش بکه‌ین و ئیستاش شانازی پێوه بکه‌ین.
به‌ڵام ئێستا چی ئه‌بێ چاوه‌ڕوانی چی بی! که چاویلکه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی و چینایه‌تی و من‌من و تۆ‌تۆ چاوی کز کردووین و بگره له دێهاتێکا سه‌ری دێ و به‌ری دێ، ئه‌مبه‌ر دێ و ئه‌وبه‌ردێ، شه‌ڕوو جه‌نگ و داوایانه و له‌مه‌یدانا قیڕه قیڕوو هه‌رایانه و چاویان به‌رایی نادا یه‌کتر ببینن!ئیتر چ جای دوو وڵاتی جیاواز و دوو گه‌لی جیاواز و دوو زبانی جیاواز و دوو مه‌زهه‌بی جیاواز!
گه‌لی براینه له‌گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌مانه ده‌زانن شنه‌بای هیوا به‌خشی هۆشیاری و بێداری جیهانی ئیسلامی گرتۆته‌وه‌و گرۆڵه‌ی دیکتاتۆره خوێنمژه‌کان، به‌عسیه زاڵمه‌کان، ئاتاتورکیه فاشیسته‌کان وه فیرعه‌ونه خوێنڕێژه‌کان که‌وتۆته لێژ‌ی و یه‌ک له دووی یه‌ک فڕێیانه‌دا. چاک بزانن هه‌زار کووده‌تای خوێناوی ئه‌مریکی و سه‌هیۆنی و شانشینی عه‌ره‌بی پێشی پێ ناگرێ و ئوممه‌تی ئیسلامه‌تی پشت به خوا‌و هیممه‌تی شوێنکه‌وتوانی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رسه‌کۆی شانازی و مه‌کۆی سه‌رفرازی خۆی له ژیر سایه‌ی پێکه‌وه ژیانی ئاشتیانه و له سه‌ر سفره و خوانی ئیمانی پێغهمبهروو شاگردانی.
رێژنه‌ی ره‌حمه‌تی یه‌زدان
له سه‌ر‌گیانی پێشه‌وامان
له سه‌ر خزم و خێزانانی
هه‌م یارو هه‌م هاوه ڵانی
له سه‌ر جه‌م شوین که‌وتوانی
له ئێستاوه تا به‌یانی
له به‌یانی تا کۆتایی
له وێنه‌ش تا ماڵاوایی
ماڵاوایی دوا سه‌فه‌ری
دونیای فانی
نووسه‌ر:عرفان زۆمۆررۆدی
به راستی زور که م کاریه بو بینه رانی به ریز که ده س خوشی له ئاوه ها نامیلکه ی جوان ناکه ن ئه گه ر بابه تیکی دنیایی بوایی ئیسته سه دان که س ده س خوشیان ده کرد من به نوبه خوم وبه جیگه ی هه موی ئه وانه که سه ردانی ئه م نامیلکه ناکه ن ده‌س خوشیت ده که م کاک عیرفان
علی باعیسی نه جات سه ییدی عاله م موحه ممه د وئالی موحه ممه د گیان (ص)هه زاران سه له وات
دست‌مریزاد کاک عرفان
سلام کاک عرفان از متن بسیار زیبایتان سپاسگزارم فقط آمدم که خدمت شما عرض ادبی کرده و در پایان نظرم بگویم دست خوش بت کاک عرفان عزیز فرهنگی گران قدر موفق باشید و سربلند انشا الاه